ئەپڵ بەرهەمەکانی گران دەکات

“بەرزکردنەوەی نرخ حاشاھەڵنەگرە”.. قەیرانی نیمچە گەیەنەرەکان “ئەپڵ” ناچار دەکات پێداچوونەوە بە نرخی بەرهەمەکانی بکات.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند، کۆمپانیاکە پلانی داناوە نرخی بەرهەمەکانی بەرز بکاتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرزبوونەوە زۆرەی لە تێچووی کڕینی چیپەکانی بیرگە (Memory Chips) و ئامێرەکانی کۆگاکردنی زانیاریدا ڕوویداوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ وتی: “بەداخەوە، بەرزکردنەوەی نرخەکان شتێکی حەتمییە و لێی ڕامان ناکرێت. ئێمە هەموو توانایەکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەم بەرزبوونەوە زۆرەی تێچووەکان و داکۆکیکردن لە کڕیارانمان، بەڵام بارودۆخەکە بەو شێوەیەی ئێستا چیتر بەردەوامبوونی بۆ ئەستەمە”.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیاکە ئامادەیە بەشێک لە یەدەگی نەقدیی خۆی بەکاربهێنێت بۆ زیادکردنی دابینکردنی چیپەکانی بیرگە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەڕێوەبەری ئەپڵ کاتێکی دیاریکراوی بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان یان ئەو بەرهەمانەی کە تووشی ئەم گۆڕانکارییە دەبن، ئاشکرا نەکردووە. بەڵام پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا، لەگەڵ نمایشکردنی ئایفۆنی نوێ (iPhone 18)، ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگ بداتەوە.

چیپەکانی بیرگە پێکهاتەی سەرەکین لە زۆربەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، لەوانەش مۆبایلە زیرەکەکان، کۆمپیوتەرەکان، ئامێرەکانی یاریکردن، پێداویستییە پزیشکییەکان و تەنانەت ئۆتۆمبێلەکانیش. لە ساڵانی ڕابردوودا، بازاڕی ئەم چیپانە بەهۆی زیادبوونی داواکاریی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی خواست لەسەر ئەم چیپانە بۆ بەکارهێنان لەو سێرڤەرانەی کە خزمەتگوزارییەکانی زیرەکی دەستکرد (AI) پێشکەش دەکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە