عەتا محەمەد: خزمەتکردنی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەرکە نەک منەت.
عەتا محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی پەیمانگای هیوا بۆ نابیستان (قۆناغی بنەڕەتی) کرد و لەلایەن بەڕێوەبەر و ستافی پەیمانگاکەوە پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەیدا، عەتا محەمەد دەستخۆشی لە ستافی پەیمانگاکە کرد بۆ ماندووبوونیان و بەناوی قوباد تاڵەبانییەوە، دیاری و پێزانینی تایبەتی پێشکەش بەو فێرخوازانە کرد کە سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوە وەزارییەکاندا بەدەستهێناوە.
عەتا محەمەد لە میانەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە خزمەتکردنی ئەم فێرخوازانە ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقیی ئەوانە و وتی: “ئەوەی لێرە پێشکەشی فێرخوازان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکرێت، کارێکی مرۆڤدۆستانەیە و ئێمە بەرپرسیارین لە پڕکردنەوەی کەلێنی سۆز و خۆشەویستیی خێزانەکانیان.”
سەبارەت بە مافەکانی ئەم چینە لە کۆمەڵگەدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە توانا و بەهرەکانیان فەرامۆش نەکرێت. جەختیشی کردەوە کە “یەکێک لە سەرەتاییترین بنەماکانی پەرەپێدانی مرۆیی، دیاریکردنی مافی تاکە لە کۆمەڵگەدا. بۆیە پێویستە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کار بۆ پەرەپێدانی زیاتری تواناكانیان بکات و لەسەر ئاستی تواناکانیان، هەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت.”
لە کۆتایی سەردانەکەیدا، بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران بە پیرۆزباییەوە وتی: “سەرکەوتنی ئەم خوێندکارانە نموونەیەکی باڵای متمانەبەخۆبوون، ئیرادە و بەردەوامییە. ئێمە بە تەواوی پشتیوانی توانا و بەهرەکانیان دەکەین و خزمەتکردنیان وەک ئەرک دەبینین، نەک منەتکردن بەسەریانەوە.”



