دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر گرێبەستەکان دەکرێت

بڕیارەکەی مەسرور بارزانی دەچێتە قۆناغی کۆتایی؛ فۆرمی دابەشکردنی زەوی بۆ 35 هەزار فەرمانبەری گرێبەست ئامادەیە.

لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ فەرمانبەران، پرۆسەی ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستدا گەیشتووەتە قۆناغە یەکلاکەرەوەکان و چاوەڕێی ڕێکارە کۆتاییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.

بەپێی ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەریکردووە، مافی وەرگرتنی زەوی بەسەر 35 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکاندا جێبەجێ دەکرێت، بەمەش هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، ئەم توێژە گرنگەی فەرمانبەرانیش سوودمەند دەبن.

مەریوان لەتیف، بەرپرسی لیژنەی وردبینی دابەشکردنی زەوی لە لێدوانێکدا بۆ (ئاڤا) ڕایگەیاند: “وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو فۆرم و داتابەیسەکانی پێویستی بۆ ئەم پرۆسەیە ئامادە کردووە”.

سەبارەت بە وردەکاریی ڕێکارە کارگێڕییەکان، مەریوان لەتیف ئاماژەی بەوە کرد: “زۆربەی وەزارەتەکان داتاکانیان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە، تەنها یەک وەزارەت ماوە داتاکانی بنێرێت، دواتر لە وەزارەتی دارایی پرۆسەی جیاکردنەوە و دیاریکردنی جۆری گرێبەستەکان ئەنجام دەدرێت و بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی کۆتایی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت”.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەگەڵ گەڕانەوەی ڕەزامەندی کۆتایی لە ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی فۆرمەکان بەسەر فەرمانگەکاندا دەکرێت تاوەکو پرۆسەکە بە شەفافییەت و خێراییەکی زۆرەوە بگاتە ئەنجام.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە