بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان؛ شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی هەولێری کرد.
وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی ئەمنیی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی فەریق ڕوکن سەعد عەلی عاتی، یاریدەدەری سوپاسالاری عێراق بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان، گەیشتنە شاری هەولێر.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری، ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان، تاوتوێکردنی هەنگاوە عەمەلییەکانە بۆ دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان لە هەر مەترسییەکی ئەمنی و هێرشێکی دەرەکی.
بەپێی زانیارییەکان، لە میانەی سەردانەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندەکە کردووە و پاشان بە هاوبەشی سەردانی چەند کێڵگەیەکی نەوتییان لە سنووری هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە هەڵبسەنگێنن.
ئەم جوڵە ئەمنییەی بەغدا لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە پاش پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چەند جارێک ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە. ئەو هێرشانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت هەبووە و بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی کارەکانیان لە کێڵگەکان ڕابگرن و هەرێمەکە جێبهێڵن.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، وەک دەستپێکێک بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان هەولێر و بەغدا سەیر بکرێت، بە ئامانجی پاراستنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ کێڵگە نەوتییەکان.
