یەکەم شەپۆلی گەرمای 50 پلەیی ڕوو لە عێراق دەکات

عێراق ڕووبەڕووی یەکەم شەپۆلی گەرمای هاوین دەبێتەوە؛ پلەکانی گەرما لە باشوور نزیک دەبنەوە لە 50 پلە.

بەشی پێشبینییەکانی کەشوهەوا لە دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە کۆتا هەفتەی ئەم مانگەدا، عێراق بکەوێتە ژێر کاریگەری یەکەم شەپۆلی گەرمای هاوینی ئەمساڵ، ئەمەش بەهۆی بەهێزبوونی کاریگەریی “گومەزی گەرمی” (Heat Dome) لە ناوچەکە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەشی پێشبینییەکان، لە کۆتایی ئەم مانگەدا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی پلەبەندی بەرز دەبنەوە، بەجۆرێک لە شارەکانی باشووری عێراق لە کاتەکانی نیوەڕۆدا نزیک دەبنەوە لە 50 پلەی سیلیزی. هەروەها شارەکانی ناوەڕاستیش پلەی گەرمای بەرزیان تۆمار دەکەن، لە کاتێکدا لە ناوچە باکوورییەکان پلەی گەرما کەمێک نزمتر دەبێت، بەڵام هێشتا لە سەرووی تێکڕای گشتیی وەرزەکەدا دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە کەشوهەوا بە ڕۆژ زۆر گەرم دەبێت، بەڵام لە شەوان و بەیانیانی زوودا کەشەکە بە ڕێژەیەکی مامناوەند دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە کراوە و بیابانییەکان. سەبارەت بە باکانیش، ئاماژە بەوە کراوە کە باکانی باکووری ڕۆژئاوا بە خێراییەکی مامناوەند دەبێت و هەندێک جار لە کاتەکانی ڕۆژدا چالاک دەبێت، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خۆڵبارینێکی سووک بۆ مامناوەند لە هەندێک ناوچەدا.

بەپێی لێکدانەوەکانی کەشناسی، ئەم شەپۆلە بەهۆی تەرکیزبوونی نزمەپاڵەپەستۆی گەرمیی قوڵی ڕووکەشییە کە تەواوی نیمچەدوورگەی عەرەبی گرتووەتەوە، هاوکات لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی بەرزەپاڵەپەستۆی نیمچە گەرمیسێری لە چینە باڵاکانی بەرگەهەوادا، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی داینامیکیی هەوا و فشارهێنان بۆ سەر هەواکە، کە لە ئەنجامدا زیاتر گەرم و وشک دەبێت.

لەبەر مەترسیی ئەم شەپۆلە، دەستەی کەشناسی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان کە لە کاتەکانی لووتکەی گەرمادا، بەتایبەت لە کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ بۆ 4ی پاشنیوەڕۆ، خۆیان بەدوور بگرن لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر، چونکە ئەگەری تووشبوون بە پەستانی گەرمی و وێرانبوونی جەستە بەهۆی گەرماوە (Heatstroke) زیاد دەکات، بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان، منداڵان و ئەوانەی لە شوێنی کراوەدا کار دەکەن. بۆیە پێویستە خۆیان لە ئەنجامدانی ماندووبوونی جەستەیی زۆر بە ڕۆژ بەدوور بگرن و بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە