کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەکرێت

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی: کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکرێت و بودجەی پێویست دابین دەکرێت.

 دوای ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێکە دانیشتووانی شاری سلێمانی بەدەست گرفتی کەمیی ئاوەوە دەناڵێنن، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند، تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن و هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن.

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد، هۆکاری سەرەکیی کەمیی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ شکانی بەشێک لە پەمپەکانی پڕۆژەی ئاوی دووکان، کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی ئاو کەم بووەتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە ڕێکارەکانی چارەسەرکردن وتی: “بەشێک لە پەمپەکان لەلایەن تیمەکانمانەوە چاککراونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان بەهۆی لەکارکەوتنیانەوە پێویستیان بە گۆڕینە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر کار”.

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەپێناو خێراکردنی چارەسەرکردنی گرفتەکە، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگیی کردووە و ئامادەکاریی پێویست کراوە بۆ دابینکردنی بودجەی تایبەت بە کڕینی پەمپی نوێ و چاککردنەوەی کەموکوڕییەکان.

بەختیار تاهیر جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمە تەنها بۆ چارەسەری کاتی نییە، بەڵکو پێویستە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بڕی بەرهەمهێنانی ئاو لە پڕۆژەکانی دووکان زیاد بکرێت بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی هاووڵاتییان بێت و هاوسەنگی لە دابەشکردنی ئاودا ڕابگیرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە