ترەمپ بە “گێل و حسود” هێرش دەکاتە سەر ڕەخنەگرانی: “لە بەرامبەر ئێران زۆر توند بووین”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە زمانێکی زۆر توند و بێ پێچوپەناوە وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە سیاسەتی ئیدارەکەی بەرامبەر بە ئێران بە “لاواز” وەسف دەکەن.
ترەمپ لە لێدوانێکدا کە میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، بە ئاشکرا ڕەخنەگرانی بە “گێل، حسود و کەسانی خراپ” ناوبرد. ناوبراو بە تووڕەییەوە جەختی کردەوە، کە ئیدارەکەی لە هەموو قۆناغێکدا هەڵوێستی “پۆڵایین و توند”یان بەرامبەر بە تاران گرتووەتە بەر و ئەو ڕەخنانەش تەنها بۆ ناشرینکردنی دەستکەوتەکانی ئەون.
سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەلماندنی سەرکەوتنی سیاسەتەکانی، ئاماژەی بە بەهێزیی ئابووریی وڵاتەکەی دا و وتی؛ پشکەکان لە ئەمریکا ئاستێکی پێوانەیی نوێیان تۆمار کردووە، و نرخی نەوت لە تێکشکان و دابەزیندایە، کە ترەمپ بە نیشانەی سەرکەوتنی ستراتیژییەکەی وەسفی دەکات.
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران ماوەیەکی زۆرە بەهۆی دۆسیەی ناوەکی و سزا قورسەکانەوە لە ئاستێکی زۆر مەترسیداردایە، ئەمریکاش بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ناوەکی بگات.
