سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای فیدراڵی دژی ڕاگرتنی “سەرەمووچە” و “پلەبەرزکردنەوە”ی فەرمانبەران تۆمار کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دژی پێشێلکردنی مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران تۆمار کرا.
سکاڵاکە لەلایەن دەستەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە پێشکەش کراوە، ئامانجی سەرەکی لێی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بڕیارەیە کە تێیدا مافە یاساییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران پێشێل کراوە، بەتایبەت لە ڕووی:
سەرەمووچە (عەلاوە): کە بەهۆی ڕاگرتنییەوە زیانی دارایی بە فەرمانبەران گەیشتووە.
پلەبەرزکردنەوە (تەرفیع): کە مافێکی یاسایی فەرمانبەرانە بۆ گواستنەوە بۆ پلەی بەرزتر و ڕاگیراوە.
سەرپەرشتیارانی ئەم هەنگاوە یاساییە لە پەیامێکدا ئاراستەی مامۆستایان، فەرمانبەران و خانەنشینانیان کرد و ڕایانگەیاند: “ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانتان هەوڵی بۆ دەدەین، و هەرچییەکیش لە تواناماندا نەبێت، داوای لێبوردنتان لێ دەکەین”.
ئەمە بە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان دادەنرێت بۆ گەڕاندنەوەی مافە دارایی و کارگێڕییەکانی فەرمانبەران و مامۆستایان لە ڕێگەی کەناڵە دادوەرییەکانەوە.

