پارێزگاری کەربەلا سوپاسی خەڵکی هەڵەبجە دەکات و سەردانێکی فەرمی ڕادەگەیەنێت.
جاسم خیتابی، پارێزگاری کەربەلا، بەهۆی ئەو هەڵوێستە مرۆییە باڵایەی لە کاتی ڕووداوی خنکانی منداڵێکی 11 ساڵانی کەربەلایی لە پارێزگای هەڵەبجە نواندیان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی پارێزگار و خەڵکی هەڵەبجە کرد.
پارێزگاری کەربەلا لە ڕێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قووڵی بۆ خێزانی منداڵەکە (روقیە)، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بەدەمەوەچوون و هاوسۆزییەی خەڵکی هەڵەبجە، وێناکردنی جوانترین ماناکانی برایەتی و یەکڕیزیی نیشتمانییە.
خیتابی ئاماژەی بەوەش دا: “ئەو پشتیوانییەی بۆ خێزانە کەربەلاییەکە دەریانبڕی، بەڵگەی ڕەسەنایەتی گەلی عێراق و ئەو بەها مرۆییە بەرزانەیە کە هەمیشە جێگای شانازین”.
وەک ئاماژەیەک بۆ ڕێزلێنان لەو هەڵوێستە مرۆییە، پارێزگاری کەربەلا ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانێکی فەرمی بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دەدات. ئامانج لەم سەردانە، ڕاستەوخۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانینە بۆ نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە و تێکڕای خەڵکی ئەو پارێزگایە.
