سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان دەکات لە بەرامبەر هەوڵەکانی چند ڕۆژی ڕابردوویان بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارە عەرەبەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە، کە ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان”.
وتیشی: “بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو”.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری گەشتیارەکە کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، بە داخەوە لەم ماوەیەدا، ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکار و ڕێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو.
داوا و تکاشی لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد لە پێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان ئەو ڕێنماییانەی بڵاوکراونەتەوە لەبەر چاو بگرن.
