شارەوانی چەمچەماڵ: دروستکردنی بینا بەبێ مۆڵەت ڕێکاری یاسایی توندی بەدوادادێت.
سەرۆکایەتی شارەوانی چەمچەماڵ، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاگادارییەکی توندی ئاراستەی هاوڵاتییانی سنووری قەزاکە کرد، سەبارەت بەو کەسانەی بەبێ مۆڵەتی فەرمی کاری بیناسازی ئەنجام دەدەن.
هۆبەی مۆڵەتی شارەوانی چەمچەماڵ ڕایگەیاندووە کە لە ڕێکەوتی 1ی تەمموزی 2026ـەوە، هیچ هاوڵاتییەک بۆی نییە بەبێ ڕەزامەندی و وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی، دەست بە دروستکردنی هیچ جۆرە بینایەک بکات.
شارەوانی داوا دەکات هەر کەسێک بیەوێت بینا دروست بکات، پێشتر سەردانی هۆبەی مۆڵەتی بینا بکات بۆ وەرگرتنی ڕێنماییە یاساییەکان.
ئەو کەسانەی لە ئێستادا خەریکی دروستکردنی بینان، پێویستە بەزووترین کات سەردانی شارەوانی بکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیاری تەواوی هەر ڕێکارێکی یاسایی دەبن.
هەر وەستایەک بەبێ بوونی مۆڵەتی بیناسازی کار بکات، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
شارەوانی جەخت دەکاتەوە، کە پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی بیناسازیدا، سەرجەم مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ بکەن، ئەگەرنا بەرپرسیارێتی سەرپێچییەکان دەکەوێتە ئەستۆی خاوەن موڵکەکە.
