سویسرا ئامادەکارییە ئەمنییەکان بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕادەگەیەنێت.
حکومەتی سویسرا بەفەرمی دەستپێکردنی قۆناغی کۆتایی ئامادەکارییە ئەمنیی و دیپلۆماسییەکانی بۆ ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیاند، کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە خاکی سویسرادا بەڕێوەبچێت.
بەپێی ڕاگەیێندراوی حکومەتی سویسرا، جگە لە وەفدی باڵای ئەمریکا و ئێران، نوێنەرانی وڵاتانی قەتەر و پاکستانیش وەک لایەنی سەرەکیی سەرپەرشتیار و ناوبژیوان لە مەراسیمەکەدا ئامادە دەبن.
سویسرا بۆ زامنکردنی ئاسایشی مەراسیمەکە، زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئەمنیی بێ وێنەی گرتووەتەبەر:
پاراستنی ئاسمانی: ناوچەی “دژەفڕین” (No-fly zone) لە دەوروبەری شوێنی واژۆکردنەکە دەسەپێندرێت.
پاراستنی زەمینی: زیاتر لە دوو هەزار سەرباز و کارمەندی ئەمنیی ئەرکی پاراستنی تەواوی ناوچەکە و شاندی وڵاتانی بەشداربوو دەگرنە ئەستۆ.
ئەم ئامادەکارییە چڕوپڕانە نیشاندەری گرنگیی باڵای ئەم ڕێککەوتنەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێکی ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی.
