بارزانی: هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە

بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە كێشەكان بەڵام بەناهەق پریشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتووە.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە 16ی حوزەیرانی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی پێشوازی لە تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كرد.

بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك ترەمپ بە بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی بارزانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە هەبوو.

جەختیشی لەوە كردەوە، كە عێراق و ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ و جێی بایەخی لە ئێستا و ئایندەدا هەیە. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە نموونەیی وەسفیكرد.

بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە، كە هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ سەرجەم كێشەكانی عێراق و ناوچەكە. هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە كێشەكان بەڵام بەناهەق پریشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتووە.

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، كە پێویستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی سەقامگیر و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەكەی بڕوات.

لە تەوەرێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر گرنگیی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و حكومەتی نوێی عێراق و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا باسی لە پێویستیی سەقامگیركردن و پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق و پاراستنی ڕۆڵی دەوڵەت لە كۆنتڕۆڵكردنی هێزە چەكدارە ناڕەسمییەكان كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات كردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەك لەدەستی میلیشیات و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق.

سەبارەت بە حكومەتی نوێی عێراق، بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە پاڵپشتیكردنی عەلی زەیدی، ئەوەی خستەڕوو، پێویستە هەموو لایەك پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا كار بكرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێكەوە كار لەسەر كۆمەڵێك ئەولەوییەتی هاوبەش بكەن بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنیاتنانی دۆستایەتیی ستراتیژیی درێژخایەن لەڕووی ئابووری و برەودان بە وەبەرهێنان.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە