“لە نزیکترین کاتدا حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت”

لە دیداری نێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و تۆم باراکدا، جەخت کرایەوە لەسەر “گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا”.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی تۆم باراک نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا کرد کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە جۆشوا هاریس هەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوون، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەت “تۆم باراک، وێڕای ستایشکردنی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوددستان و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە”.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانیی لە نێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بە تایبەتی لە بواری وزەدا.

هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کردەوە لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.

هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە