ترەمپ: ئێران نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی

ترەمپ لەبارەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران: گەرووی هورمز بەبێ باج دەکرێتەوە و نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، کۆمەڵێک زانیاریی گرنگی ئاشکرا کرد و جەختی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

 ترەمپ ڕایگەیاند، پرۆسەی کردنەوەی گەرووی هورمز دەستی پێکردووە و دوای تەواوبوونی هەڵگرتنەوەی مینەکان، گەرووەکە بە تەواوەتی و بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و ڕسوماتێک بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان دەکرێتەوە. بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو کردنەوەی گەرووەکە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.

 سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی توند جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “ئێران نابێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی”.

ترەمپ هیوای خواست پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بەرەو باشتربوون بچێت و وتی: “ئومێدەوارین نەگەڕێینەوە بۆ جەنگ و ئەم ڕێککەوتنەش لە بەرژەوەندیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت”.

ئاماژەی بەوەش دا کە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بەڵگەنامەیەکی گرنگ و بەهێزە و بەم زووانە بە فەرمی بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەنەوە.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری دیپلۆماسیدا تێپەڕدەبێت و هەمووان چاوەڕوانی وردەکاریی زیاتری ئەو یاداشتەن کە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا واژۆ کراوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە