وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ئاشكرای دەكات، لە ئەمڕۆوە بڕیاری قەدەغەی ڕاوەماسی هەڵگیراوە و وەرزی ڕاوكردن ئاسایی بۆتەوە و دەشڵێت: ڕاوكردن بە كارەبا و ماددە ژەهراوییەكان و تەقەمەنی و تۆڕی كون ورد قەدەغەیە.
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بڵاویكردەوە، دوابەدوای بڕیاری وەزارەت سەبارەت بە پاراستنی سامانی ماسی و وەرزی قەدەغەی ڕاوکردن، بەهۆی تەواوبوونی ماوەی دیاریکراوی وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی، ئەمڕۆ 15/6، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری بڕیاردرا بە هەڵگرتنی بڕیاری قەدەغەی ڕاوکردن و ئاسایی بوونەوەی وەرزی ڕاوکردن.
ڕاشیگەیاندووە، ڕاوکردن بە کارەبا و ماددە ژەهراوییەکان و ماددە تەقەمەنییەکان و تۆڕی کون و وورد ، کە ببێتە مایەیی لە ناوبردنی به کۆمەڵی زیندەوەرەکانی ئاوی لە هەموو کاتێکدا قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نابێت.
دەشڵێت: بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و گرتنەبەری رێکاریی یاسایی و کارگێری سەرجەم فەرمانگەکان و دامەزراوە پەیوەندارەکان ئاگادار کراونەتەوە.

