وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ڕێنماییەکەی پێشوو کە پێویست بوو پۆلیس ئاگادار بکرێتەوە پێش چارەسەرکردنی بریندار، هەڵوەشێندراوەتەوە و جەخت دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی نەخۆش و بریندار ئەولەویەتی سەرەکییە.
ڕائید ئاری لەتیف حەمە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ڕایگەیاند کە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی ڕێنماییەکیان هەڵوەشاندووەتەوە کە پێویستی دەکرد لە نەخۆشخانەکاندا تاوەکو پۆلیس ئاگادارنەکرێتەوە، چارەسەری بەپەلە بۆ هیچ نەخۆش و بریندارێک ئەنجام نەدرێت ئەگەر گومانی تاوانکاری لەسەر بێت.
ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم ڕێنماییە پێچەوانەی ئەرکی پیشەیی پزیشکی بووە و چارەسەرکردن دەبێت لە پێشتر بێت لە ئاگادارکردنەوەی پۆلیس.
ڕوونیکردەوە، لە کاتی بوونی گومانی تاوانکاری لە نەخۆش و بریندارێک، پۆلیس دەبێت ئاگادار بکرێتەوە، بەڵام ئەولەویەت بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکەیە و دواتر پۆلیس ئاگادار دەکرێتەوە.
جەختیشیکردەوە، کە نابێت بیانووی نەبوونی “پسوڵەی داواکردنی چارەسەری پۆلیس” ببێتە ڕێگرێک لە چارەسەرکردنی نەخۆش، بەتایبەت ئەوانەی نزیکن لە مردن، چونکە دواکەوتنی چارەسەر یان ئاگادارنەكردنەوەی پۆلیس هەردووکیان تاوانن و سزاکەی تا سێ مانگ بەندکردن یان غەرامەیە.
