سەربارەی ئەوەی بەشێك لە بەرپرسانی هەرێم دڵنیایی دەدەن لە دوانەكەوتنی مووچە و دابەشكردنی لەگەڵ عێراق، بەلام بەپێی بڕیاری نوێی وەزارەتی دارایی عێراق دەبیت هەرێم 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ڕادەست بكات.
كەناڵی گەلی كوردستان-ی زمانحاڵی فەرمی یەكێتی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەغدا چیتر ئامادە نییە بەبێ ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ یان بە كەموكوڕییەوە پارەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.
ئاشكراشی كردووە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بەە مووچەی هەرێم بە دوو پەرلەمانتاری كوردی وتووە، “با هەرێم داهات بەتەواوی بنێرێت تاكو ئێمەش مووچە بنێرین”.
وتوشیەتی، “هەرێمی كوردستان وەك خۆی ئەو بڕەی بۆی دیاری كراوە، كە 120 ملیار دینارە بنێرێت تاكو ئێمەش بتوانین مووچەی خەڵكی هەرێم ڕەوانە بكەین، چونكە ناردنی مووچە بەبێ داهاتی ناوخۆ یان بە نیوە ناچڵی كارێكی نایاساییە”.
وەزیری دارایی عێراق بەو دوو پەرلەمانتاری وتووە، “بەغدا نایەوێت كێشە بۆ مووچەی هەرێم دروست ببێت و هەموو ئاسانكارییەكیش دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە، بەڵام ناكرێت هەرێم داهات نەنێرێت و بەغدا مووچە بنێرێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ ڕێباز حەملان، پاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، ئەگەر بەغدا كێشەی پارە و نەختینەی نەبێت، ئەوا بەڵێنی حكومەتی زەیدییە، كە لەگەڵ مووچەی عێراق مووچەی هەرێم ڕەوانە بكرێت.
وتیشی، “كێشەەی ئەسیكۆدا و نەوت چارەسەر بووە، بەڵام هێشتا بابەتی داهاتی ناوخۆ ماوە”.
لای خۆشیەوە، د. غالب محەمەد، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا بڵاویكردەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم دەڵێن: ناتوانین 120 ملیار دینار داهات پەیدا بكەن، كە ئەمەش سەرەتایەكە بۆ ئەوەی دەیانەوێت مووچە دوابكەوێت.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام بە ئێمە دەڵێت، بۆ ناردنی مووچە 4 كار هەیە دەبێت هەرێم بیكات، كە بریتین لە (ئەبێ ئیشعاری نەوت بكرێت و لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە ڕەوانە بكرێت و داهاتی نانەوتی بنێرێت) بەڵام لە هەرێم كێشە دروست دەكرێت تا مووچە دوابكەوێت.
