چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کەسانێک لە لوتکەی خۆشگوزەرانیدا دایک و باوکیان دەسپێرنە خانەی بەساڵاچووان.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕۆژی ١٥ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێکدا، یادی “ڕۆژی جیهانیی هۆشیارکردنەوە لە بەگژداچوونەوەی توندوتیژی دژی بەساڵاچووان” (WEAAD) دەکاتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بە فەرمی لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کراوە.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە بەساڵاچووان، تیشکی خستەسەر بارودۆخی ناوخۆیی و یاساییی خانەکانی بەخێوکردن و چاودێریکردنی بەساڵاچووان لە هەرێمی کوردستاندا.
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دیاردەیەکی نامۆ و تاڵی ناو کۆمەڵگە کرد و ڕایگەیاند، لە ئێستادا کەسانێک هەن کە خۆیان لەوپەڕی ئاستی دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانیدا دەژین، بەڵام بە داخەوە دایک و باوکیان دەهێنن بۆ ئێرە.
ئاشکرای کرد، کە ماڵی بەساڵاچووان بەپێی یاسا فەرمییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و بەڕێوەدەچێت، بەڵام پڕۆسەی وەرگرتنی هەر کەسێکی بەساڵاچوو لە ناو ئەم خانانەدا سەرپێچی لێ ناکرێت و یاسا و ڕێوشوێنی تایبەتی و توندی خۆی هەیە کە ناڕەوایی و دۆخی کۆمەڵایەتیی کەسەکە یەکلایی دەکاتەوە.
ژیار جەلال خستیە ڕوو کە تەمەنی یاسایی بۆ وەرگرتنی بەساڵاچووان لە خانەکە پێویستە لە سەروو ٥٥ بۆ ٦٠ ساڵ بێت و هیچ خزمێکی پلە یەکی نەبێت بۆ چاودێریکردنی، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی مرۆییی ناچاری و کتوپڕدا، کاتێک بەساڵاچوویەک لە ناو ماڵی خۆیدا بێت بەڵام بە توندی ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی وەری دەگرن.
لە ئێستادا لە نێوان ٦٠ بۆ ٧٠ بەساڵاچوو لە خانەی سلێمانیدا هەن و زۆرکات ئەم ڕێژەیە ڕوو لە زیادبوون دەکات.
