سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ١٥ ڕۆژ بەسەر پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی گشتیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مامۆستایانی گرێبەست لە ناوەندەکانی خوێندندا هیچ جۆرە شایستەیەکی دارایی و مووچەیان وەرنەگرتووە.
نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا دوو داواکاریی سەرەکییان ئاڕاستەی دەسەڵاتداران کردووە:
یەکەم، داوایەکی بەپەلە لە وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەن کە بەپێی فەرمانە وزارییەکانی پێشوو، لەگەڵ گەیشتنی یەکەمین بڕە پارەی مووچەدا، دەستبەجێ مووچەکانی ئەوانیش دابەش بکرێت پێش ئەوەی ئەو داهاتە لە ژێر ناوی تردا “تەخشان و پەخشان” بکرێت و فەرامۆش بکرێن.
دووەم، داوا لە شاندەکانی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا دەکەن، کار بکەن بۆ گۆڕینی سەرچاوەی دارایی مووچەکانیان لە داهاتی ناوخۆوە بۆ سەر بودجەی گشتیی عێراق، تاوەکو هاوشێوەی مامۆستایانی حکومەتی فیدراڵ بکرێنە دامەزراوی فەرمی و هەمیشەیی حکومەت.
لە کۆتاییی ڕاگەیەندراوەکەدا، مامۆستایانی گرێبەست هۆشدارییەکی توند دەدەنە لایەنە حکومییەکان و ڕایدەگەیەنن، کە لە ئەگەری پشتگوێخستن و جێبەجێ نەکردنی ئەم داواکارییە یاسایی و مرۆییانەدا، لە قۆناغی داهاتوودا تەواوی پڕۆسەکانی پەروەردە، فێربوون و خوێندنی باڵا لە سنوورەکەدا بە تەواوی ڕادەگرن و بایکۆتی سەرتاسەری ڕادەگەیەنن و خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام دەدەین.
