نەخۆشێکی تالاسیمیا لە مەترسییەکی گەورە ڕزگارکرا 

سەرکەوتنێکی تری پزیشکی لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەری فێرکاری سلێمانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ دەرهێنانی سپڵێکی ٤ کیلۆ گرامی ئەنجامدرا.

تەندروستی سلێمانی بڵاویكردەوە، لە کارێکی پزیشکیی ورد و سەرکەوتوودا، تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەر توانییان لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووەوە، کۆتایی بە ناڵاندنی نەخۆشێک بهێنن کە بەدەست ئاوسانی توندی سپڵییەوە دەیناڵاند و ژیانی کەوتبووە مەترسییەوە.

ناردنی نەخۆشەکە و دەستنیشانکردنی مەترسییەکە
نەخۆشەکە کە پێشتر لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی تالاسیمیاوە چاودێری دەکرا، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی و ئاوسانی نائاسایی سپڵی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی هەرس و جگەر کرا.

دوای ئەنجامدانی پشکنینە سەرەتاییەکان، دەرکەوت کە کێشی سپڵی نەخۆشەکە گەیشتووەتە (٤) چوار کیلۆگرام و درێژییەکەی (٣٨) سانتیمەتر بووە، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی ڕێژەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە جەستەیدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و سیستمی بەرگری لاواز بکات و تەواوی بۆشایی سکی داگیر بکات.

نەشتەرگەرییەکی هەستیارو سەرکەوتوو بە سەرپەرشتی د. دارا ئەحمەد محەمەد مارف، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەری هەرس و جگەر پزیشکان وستافی بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەکە ئەنجامدرا و تیمە پزیشکییەکە توانییان بە لێهاتووییەکی بەرزەوە و لەژێر کۆنترۆڵێکی ورددا، سپڵە گەورەبووەکە بە تەواوی لە جەستەی نەخۆشەکە بەتەکنیکێکی نوێی پزیشکی جیا بکەنەوە و دەریبهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە ئەندامەکانی تری دەوروبەری بگات.

جێگیربوونی دۆخی تەندروستی نەخۆشەکە
دوای کۆتاییهاتنی پرۆسە ئاڵۆزەکە، نەخۆشەکە گوازرایەوە بۆ ژووری چاودێری و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدا هێڵدرایەوە. خۆشبەختانە لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە تەواو جێگیرە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە