تەندروستی هەرێم: نابێت هیچ نەخۆشخانەیەک نەخۆشی فریاکەوتن ڕەت بکاتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڕیارێکی توند دەردەکات: نابێت هیچ نەخۆشخانەیەک نەخۆشی فریاکەوتن ڕەت بکاتەوە.

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێ و تووندی سەبارەت بە وەرگرتنی نەخۆش و بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی و تایبەت دەرکرد و جەختی کردەوە کە ڕەتکردنەوەی نەخۆش بە هەر بیانوویەک بێت، سەرپێچییەکی یاساییە.

بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی، لەمەودوا کاتێک نەخۆش لە نەخۆشخانەیەکەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دیکە دەکرێت (بەتایبەت نەخۆشانی فریاکەوتن، باری ناجێگیر و نەخۆشانی چاودێری چڕ)، سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی و تایبەت پابەند دەبن بە:

پێویستە نەخۆشەکە وەربگرن و دەستبەجێ کاری پێویستی چارەسەری بۆ ئەنجام بدەن.

وەزارەتەکە بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە نابێت نەخۆش ڕەت بکرێتەوە یان وەرنەگیرێت بەبیانووی:

١. نەبوونی شوێن یان نەبوونی جێگە لە چاودێری چڕ (ICU).

٢. باری بێ ئومێدی و بێ هیوایی چارەسەر.

٣. نەبوونی خەرجی و پارەی پێویست.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە هەر کێشەیەکدا دەبێت “مافی نەخۆش” لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت و چارەسەر بکرێت. هەروەها هۆشداری داوە بە سەرجەم نەخۆشخانەکان کە لە ئەگەری پابەندنەبوون بەم ڕێنماییانە، ڕێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر بە سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە