یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاشكرای دەكات، ئەگەر كێشەی پارە لە عێراق نەبێت لەگەڵ مووچەخۆرانی عێراق مووچەی هەرێمیش دەنێردرێت و دەشڵێت: كێشەی ئەسیكۆدا و نەوت كۆتایی هاتووە و تەنها كێشەی داهاتی ناوخۆ ماوە.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری مەسرور بارزانی بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، ئەگەر عێراق خۆی كێشەی ئابووری و نەختینە و پارەی نەبێت بۆ ئێمەش كێشەی نابێت، چونكە بەڵێنی حكومەتی ئێستای عەلی زەیدییە، كە مووچەی بەسرە درا، مووچەی پارێزگاكانی كوردستانیش دابەش دەكرێت.
وتیشی، “لەسەر ئەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێككەوتووین، كە هەركات مووچەی پارێزگاكانی خۆی دابەش كرد، مووچەی هەرێمی كوردستانیش خەرج بكرێت”.
ئاشكراشی كرد، پرسی ئەسیكۆدا و نەوت هیچ كێشەیەكی لەسەر نەماوە و تەنها پرسی داهاتی ناوخۆ ماوە و ئێمان وتوون بەپێی یاسای كارگێڕی دارایی لە داهاتی هەرێم بەشێكی بدرێتە عێراق، بەڵام ژمارەیەكمان دیاری نەكردووە.
دەربارەی كاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی وەزیر لە بەغدا وتی، “پشكی پارتی لە وەزارەتەكانی عێراقی فیدڕاڵ دیاری كراوە و بەلای پارتییەوە كەس (شەخس) گرنگ نییە”.
