پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد، ژنێکییان بە تۆمەتی دزینی هەشت ملیۆن و 500 هەزار دەستگیر کردووە و دەستیشیان بەسەر بەشێک لە پارە دزراوەکەدا گرتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو هاووڵاتییەک دانیشتووی گەڕەکی مامۆستایانی قەزای کەلار له بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان سکاڵای تۆمارکرد کە بڕی هەشت ملیون و 500 هەزار دینار لەماڵەکەیدا دزراوە.
باسی لەوەشکردووە: دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ورد پۆلیسی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیان لەماوەی دوو کاتژمێردا تۆمەتبار بدۆزنەوەو دەستگیری بکەن.
دەشڵێت: لە ئێستادا لەماڵی تۆمەتبار دەست بەسەر پێنج ملێون دیناری پارە دزراوەکەدا گیراوە، تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەدا ناوەو بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 443 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
