عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر
لەم رۆژانە، لە سۆشیال میدیا باسێکی گەرموگوڕ لەسەر دکتۆر (حەسەن وەتارە) سەرۆکی دەوڵەتی (ساحیل العاج) یان کۆدیڤارهەبوو، لەسەر چونی بۆ فەریزەی حەج و شێوازی جێبەجێکردنی بنەماکانی، ئەوەی بینرا ئەو پیاوە بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی وەکو هەر زیارەتکارەکانیتر دەرکەوت، دیارە لەو وڵاتە و لە کاتی حەج یان عومرە کردنی کەسە تایبەتەکان، بە پێی پرۆتۆکۆل دەبنە میوانی مەلیک و پاسەوان و خزمەتگوزارشیان بۆ فەراهەم دەکرێت، بەڵام ئەو سەرۆکە ئەوانەی نەویستوە و وەکو کەسێکی گشتی ئەرکە ئایینیەکانی جێبەجێکردووە و هەروەک باقی حاجیەکانیتری وڵاتەکەی خەوتوە و خواردن و خواردنەوەی کردووە.
راستیەکەی لە رێگەی جۆراجۆرەوە بەدواداچونی زۆرم کرد، لەسەر ئەو هەڵسەکەوتانە و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی، بۆ ئەوەی بزانم، ئایا ئەوە نمایشە وەکو هەندێک لە دەسەڵاتدارەکانی لای خۆمان لۆ هەڵخەڵەتاندتی خەڵک دەینوێنن، یان راستیە هەر بۆ خۆی وایە.
دواجار بۆم دەرکەوت ئەوە نمایش نییە لە وڵاتەکەی خۆشی سەرۆکێکی سادەیە و دوورە لە هەموو جۆرە فەنتازیەتێک، ئەوەیە وایکردووە (ساحیل العاج ) لە ماوەی حوکمی ئەو پیاوەدا کە سەردەمێک سەرۆکی وەزیران بوو لە( ٢٠١٠ەوەش) سەرۆکی کۆمارە، ئەو وڵاتە لە ئارامیەکی تەواودا دەژیت و بژێوی خەڵکیش باش بەرزبۆتەوە، رێژەی تەمەنیش لە سایەی ئەو واقیعە بەرامبەر بە وڵاتانیتری ئەفریقیا هەڵکشاوە، لەبەر بارودۆخی باشیان هاوکاری دەور و پشتیشیان دەکەن.
تا ئێرە ئەوەی ئاماژەمان پێدا، بەشێکی ئەدگار و خەسڵەتەکانی ئەو سەرۆکە بوو، بێگومان زۆرتری هەیە، بەڵام بۆ ئێمە ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی بیکەینە دەروازەیەک، بۆ قسەکردن لەسەر دەسەڵاتدارە بێ خەم و مەغرورەکانی ئەم هەرێمە بەش مەینەتە، راستیەکەی کە سەیری ئەو سەرۆکە و ئەوانەی هەرێم بێگومان بە عیراقیەشەوە، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵی بەراورد ناکرێن کە دەبوو زۆر لەو پیاوە خاکیتر و ئاساییانە بژیبان، چونکە راستیەک هەیە دەبوو لە لایەن دەسەڵاتداراندا پەند ئامێزبا و بە گەورەییەوە هەڵبسەنگێنرابا، ئەویش ئاستی بێشوماری قوربانیدانی گەلی کوردستانە.
ناڵێم گەلی (ساحیل العاج)یش قوربانیان نەداوە، بێگومان لەسەر دەستی داگیرکەران بە تایبەتی ئیمپریالیزمی فەرەنسی داویانە، جیاوازیەکەش ئەوەیه، کۆدیڤارەکان پەندیان لە قوربانیەکانیان وەرگرتیە هەموویان بە سەرکردە و بەرکردەوە هەوڵی پێگەیاندنی خۆیان بە باشترین شێوە داوە و بەردەوامیشن.
لێ ئێمە رۆژ لە دوای رۆژ بەرە و دواوە دەکشێینەوە، بەهۆی ئەو سیاسەتە نادروستەی مومارەسە دەکرێت کە خەریکە جیاوازی چینایەتی دروست بێت، کەمینەیەکی کۆمپرادور کە هەموو جومگەکانیان خستۆتە بن دەستی خۆیان، چینێکیش بەس چاوی لە موچەکەیەتی پێیەوە بژیت ئەویش بە هەزار گرێ و گۆڵ دەدرێت، بەوەشەوە نەوەستاون ئەو کەمینەیە دەیانەوێت تەقدیسیش بکرێن، لە هەر شوێنەک پەیدا بن دەوریان بە سەدان کەس دەگیرێت دەبێتە هەڵپەی وێنەگرتن و هوتاف کێشان، ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی ئەوانە بۆ ئەم میللەتە نە ملیان گەرمبووە نە ئارەقەیان رشتوە رەنگە هەندێکیان هێشتان بۆنی شیری خاویشیان لە زاری بێت.
ئەمە چ قەدەرێکە بەرۆکی ئەم وڵاتەی گرتووە، لە کێندەرێی جیهان شتی وا هەیە، ئەو کەسانە هەرچی زەوی باش و پارەی باش و وەبەرهێنانی باش و سەیارەی گران بەها و مقاوەلاتی پڕ پارە و کۆشک و باڵەخانەی شاهانە و ئیتر پێدابڕۆ مۆنۆپۆلیان کردبێت، سەیرەکەش لەوەدایە لافی نیشتمانپەروەری لێبدەن و بە خەڵکی رەشوڕوتیشی بفرۆشنەوە، ئاخر ئەو هەموو ناز و نیعمەتە و شۆڕشگێڕی و کوردایەتی کوجا مەرحەبا.
ئەوە سەردانەکی (هۆشی مننە) سەرکردەی (ڤیتگۆنک)ە شۆڕشگێڕەکانی ڤێتنامی بە بیرهێنامەوە کە ئەو ئەمریکایە زەبەلاحە و حکومەتە بەکرێگیراوەکەی(سایگۆنیان) تێکشکاند و وەدەریان نان، سەردانی (یاسر عەرەفات) ی سەرۆکی بەرەی رزگاریخوازی فەڵەستینی کردبوو، هەمویانی بینبوو لە ناو کۆشک و باڵەخانەی شاهانە نیشتەجێن، لەگەڵ ژیانێکی مەلەکیانە، پێی وتبوون، بەوحاڵەی دەتانەوێ فەڵەستین رزگار بکەن، ئەوە کەی شۆڕشگێڕیاتیە، هەرگیز بەوە رزگار نابن، ئێمە تا ئێستا لە کەپر و خانوە پوشەکان دەژین تا گەلەکەمان پێ نەگەیێنین پشونادەین.
بە بڕوای خۆم ئەوانەی لەم هەرێمە دەسەڵات دارن دەبێت شوکرانە بژێری گەلی کوردستان بن سەرباری ئەو هەموو قوربانیە، ئەو هەموو جیاوازەیان تا ئێستا قبوڵ کردووە، بەڵام پێناچێت لەوە زیاتر بوەستن، بۆیە تا زوە خۆتان چاک بکەن ئەگەر ناشزانن بڕۆن خولێکی ئیدارەدان لای (دکتۆرحەسەن وەتارە) ببینن و خولێکی شۆڕشگێڕێش لای (هۆشی مننە) بکەن.
