ترەمپ: سبەی یەکشەممە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت

ترەمپ: سبەی یەکشەممە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت و گەرووی هورمز دەکرێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ شەممە (١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦) پشتڕاستی کردەوە کە بڕیارە سبەی یەکشەممە ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت، هاوکات جەختی کردەوە کە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، گەرووی هورمز بەڕووی هاتووچۆی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “ڕێککەوتنەکەم لەگەڵ ئێران وەک دیوارێکە کە ڕێگری لەوە دەکات تاران هیچ جۆرە چەکێکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت”. زیاتر گوتی: “ئێران ئیتر نایەوێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت و چیتر بە هیچ ڕێگەیەک – نە بە کڕین و نە بە پەرەپێدان – دەستی ناکەوێت”.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئازادکردنی گەرووی هورمز لە گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم ڕێککەوتنەیە و دەبێتە هۆی دڵنیایی بۆ هاتووچۆی نێودەوڵەتی. ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمریکا چاوەڕێی ئارامبوونەوەی دۆخەکە دەکات بۆ ئەوەی بەدوای پاشماوە و گەردە ئەتۆمییەکاندا بچێت و هیوای خواست ئەم پرۆسەیە بە “خێرایی، ئاسانی و بێ کێشە” بەڕێوە بچێت، بەڵام هۆشداری دا کە “ئەگەر ئەوە ڕووی نەدا، ئێمە باشترین بژاردەی ترمان هەیە”.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دانوستانێکی چڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە وساوەتی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنانە کۆنتڕۆڵکردنی گرژییە ئەمنییەکان و پاراستنی ئازادیی هاتووچۆ بووە لە گەرووی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی نەوت و وزە لە جیهاندا.

ئیدارەی ترەمپ پێشتر چەندین جار جەختی کردبووەوە کە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران دەبێت گەرەنتیی توند و ڕوونی تێدا بێت کە ڕێگری لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکە بکات، ئەمە جگە لەوەی دۆسیەی ئاسایشی ڕێڕەوە دەریاییەکان یەکێک بووە لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە