پەروەردەی سلێمانی ڕێنمایی توند بۆ ڕۆژی دەستپێکی تاقیکردنەوەکان بڵاو دەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، لە ڕاگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە (١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦) بڵاوکرایەوە، ڕێنمایی تووندی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرپەرشتیاران و چاودێرانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەرکرد.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، نەژاد عەبدوڵڵا محەمەد، جەختی کردەوە کە بە مەبەستی فەراهەمکردنی کەشێکی لەبار و پاراستنی تەرکیزی خوێندکاران، بڕیاردراوە:
بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تیمەکانی ڕاگەیاندن، کەناڵەکان و فۆتۆگرافەران نادرێت بچنە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.
ئەنجامدانی هەر جۆرە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ خوێندکاران لە ناو هۆڵەکان یان دەوروبەریان بە توندی قەدەغەیە.
داوا لە سەرجەم مامۆستایان و بەرپرسانی پەروەردە کراوە لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا خۆیان لە هەر لێدوان و ڕوماڵێکی میدیایی بەدوور بگرن.
پەروەردەی سلێمانی داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات هاوکاربن لە سەرخستنی ئەم “پرۆسە نیشتمانییە” و ڕێز لە تایبەتمەندی و ئارامی هۆڵەکان بگرن، هەروەها هۆشداری دەدات کە هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییانەدا، لێپرسینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی یەکشەممە (١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦) کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی بەیانی، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەست پێبکات.
