بوڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئاشكرای دەكات، بڕیاری پێدانی بەشەخۆراك بە هاووڵاتیان بەردەوامە و دەنگۆی بڕینی دوورە لە ڕاستییەوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، دەنگۆی بڕینی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەكی نییە.
ڕاشیگەیاند، پێدانی بەشەخۆراك بە هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت و هەتاكو بارودۆخی ئابووری باش نەبێت و ئاستی داهاتی تاك بەرزدەبێتەوە پێدانی خۆراك هەر بەردەوام دەبێت بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی.
وتیشی، “بڕینی بەشەخۆراك تەنها بۆ پلە تایبەتەكان ئەگەری هەیە و بۆ خەڵكی دیكە دەمێنێت”.
لەبارەی بڕی گەنمی وەرگیراویش ئەو دەڵێت “بۆ ئەمساڵ بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران وەردەگیرێت”.
لە ماوەی ڕابردوودا، نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابووریی عێراقی ڕایگەیاندبوو، كە لە بەرنامەی چاكسازی حكومەتی نوێدا ئەوەیە، كە مووچە كەم بكرێتەوە و بەشەخۆراك ڕابگیرێت.
