دەرماڵەی فەرمانبەرانی ناوخۆ هاوتا دەكرێت

بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، داوا كراوە لە بودجەی ساڵی 2026ی فیدڕاڵی، دەرماڵەی فەرمانبەرانی ناوخۆ هاوتای هێزەكانی ناوخۆ بكرێت.

لەم دواییانەدا بابەتێکی گرنگ بووەتە جێی باسی فەرمانبەرانی شارستانی (مەدەنی) سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەویش نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ هاوتابوونی مووچەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا.

بەپێی شیكارییەكی یاسایی پەیجی (زانیاری یاسایی بۆ هەمووان)، ئەم بابەتە یەکێکە لە بابەتە یاسایی و کارگێڕییە گرنگ و ئاڵۆزەکان کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بژێوی و مووچەی ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە:

لێرەدا شیکردنەوەیەکی وردی یاسایی، دەستووری و کارگێڕییتان بۆ دەخەمە ڕوو:

١. بنەمای یاسایی هاوتاکردنەکە چییە؟
پشتبەستن بە یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠١٣ (هەموارکردنی یەکەمی یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە ١٨ی ساڵی ٢٠١١ لە عێراق)، فەرمانبەرانی شارستانی سەر بە میلاکی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ماددەی ١ و ٢: بە ڕوونی دەڵێت ئەحکامەکانی ئەم یاسایە بەسەر “فەرمانبەری شارستانی (الموظف المدني)” کە دامەزراوە لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق جێبەجێ دەبێت.

لەسەر بنەمای ئەم یاسایە، وەزارەتی دارایی عێراق مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی شارستانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی زیاد کردووە.

٢. ئایا فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگا، قایمقامیەت و ناحیەکان دەگرێتەوە؟

ئەم پرسیارە جێگای مشتومڕە بەهۆی جیاوازی پێکهاتەی کارگێڕی لە نێوان هەرێم و بەغدا:

هەڵسەنگاندنی دەستووری و یاسایی

لە حکومەتی فیدراڵ (بەغدا): بەپێی یاسای پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە چوارچێوەی هەرێم (ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨)، دیوانی پارێزگاکان، قایمقامیەتەکان و ناحیەکان سەر بە ئەنجوومەنی پارێزگان و بودجەی سەربەخۆیان هەیەو ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆ نین.

لە هەرێمی کوردستان: بەپێی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٩، تەواوی فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگاکان، قایمقامیەت و ناحیەکان لە ڕووی میلاک و داراییەوە ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە.

گۆشەنیگای یەکەم / پاساوی پاڵپشتی:
: بەپێی ماددەی ١٤ لە دەستووری عێراق (بنەمای یەکسانی و دادپەروەری)، ناکرێت فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی دابەشکاری کارگێڕییەوە لە مافە داراییەکانی هاوتاکانیان لە بەغدا بێبەش بکرێن.

ماددەی ١٢١ (یەکەم) لە دەستووری عێراق: دەسەڵات دەداتە هەرێمەکان کە یاسای تایبەت بە خۆیان دەرکەن بۆ ڕێکخستنی کاروباری ناوخۆیی و کارگێڕی خۆیان، مادام دژایەتی دەستووری تێدا نەبێت. ڕێکخستنی میلاکی قەزا و ناحیەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ شێوازێکی کارگێڕییە کە هەرێم پەیڕەوی دەکات.

کەوابێت ڕووی پێکهاتەی کارگێڕی هەرێمەوە دەیانگرێتەوە. چونکە فەرمانبەرانی دیوانی قەزا و ناحیەکان لە هەرێمی کوردستان، ناونیشانی وەزیفی و فەرمانی دامەزراندن و ناسنامەکەیان ڕاستەوخۆ لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە. کاتێک حکومەتی هەرێم لیست دەنێرێت بۆ بەغدا، وەک فەرمانبەری میلاکی وەزارەتی ناوخۆ دەیاننێرێت

گۆشەنیگای دووەم (مەترسی و تانەدان):

ئەگەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ یان لایەنێک تانە لەم بڕیارە بدات، پشت بە ماددەی ١٢٢ی دەستوور دەبەستێت کە دەڵێت پارێزگاکان ئیداری خۆجێی سەربەخۆن و نابێت تێکەڵ بە میلاکی وەزارەتی ناوخۆ بکرێن، ئەمەش ڕەنگە کێشە بۆ وردبینی لیستەکان دروست بکات حکومەتی فیدراڵ (بەغدا): . واتە (دیوانی پارێزگا، قایمقامیەت و ناحیەکان) لە بەغدا سەر بە وەزارەتی ناوخۆ نین، بۆیە ئەم یاسایە (ژمارە ٢٢) نایان گرێتەوە.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی چۆن خزمەت بەم بابەتە دەکەن؟
لە زنجیرە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی (تەنانەت بڕیارەکانی ساڵی ٢٠٢٢ تایبەت بە مەلەفی نەوت و دواتریش بڕیاری ژمارە ٢٢٤ی تایبەت بە تەوتین)، دادگاکە پڕەنسیپێکی دەستووری چەسپاندووە کە دەڵێت:

“پێویستە پشک و شایستەی دارایی هاوڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێم لە موازەنەی گشتی دابین بکرێت و نابێت قوت و مووچەی هاوڵاتیان ببێتە قوربانی خلافاتی سیاسی و دارایی نێوان هەرێم و بەغدا.”

ئەنجام:
١/ئەم بڕیارانە بوونە قەڵغانێکی یاسایی بۆ گواستنەوەی پابەندی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم (بە شارستانی و سەربازییەوە) بۆ سەر موازەنەی گشتی عێراق. بۆیە، ئەگەر ڕێکارە ئیدارییەکان و لیستە بایۆمەترییەکان بە دروستی ڕەوانەی بەغدا بکرێن،

٢/ ئەم هەنگاوەی ئێستای وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، هەوڵێکی یاسایی دروستە بۆ جێگیرکردنی مافی تەواوی فەرمانبەرانی شارستانی (لەنێوانیاندا دیوانی پارێزگا، قەزا و ناحیەکان) چونکە هەمووان لەسەر میلاکی ناوخۆن. ئومێدێکی زۆر هەیە کە ئەم هاوتاکردنە جێبەجێ بکرێت و ببێتە هۆی زیادبوونی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی ناوخۆ لە قەزا و ناحیەکاندا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە