لە هەرێم ئینتەرنێت و نامەی کورت (SMS) ڕادەگیرێت

بەهۆی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەییەوە، ڕۆژانی تاقیكردنەوەكان لە كاتی بەیانیدا بۆ ماوەی كاتژمێرێك ئینتەرنێت ڕادەگیرێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا لە ڕۆژی شەممە ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بڕیاری بڕینی کاتی و پێشوەختەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، نامەی دەقی کورت (SMS) و نامەکانی فرەمیدیا (MMS) لە سەرانسەری هەرێمدا لە ماوەی ڕۆژانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە گشتییەکاندا ڕاگەیاند.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بڕیاری دا بە ڕاگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکاندا.

بەپێی بڕیارەكە، ڕاگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت لە کاتژمێر 6:30 بۆ 7:30ـی بەیانی دەبێت.

وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، “ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێگریکردنە لە دیاردەی گزی (قۆپیکردن) و پاراستنی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان”.

پەیمان خواجە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، سبەینێ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەست پێدەکات و لە ماوەی تاقیکردنەوەکاندا بە شێوەیەکی کاتی هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان دەپچڕێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی گزی لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا.

دەشڵێت: بڕیارەکەش تا کۆتاییهاتنی تەواوی تاقیکردنەوەکان بەردەوام دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر داواکاری وەزارەتی پەروەردە و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، تەنها لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکاندا خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، کورتەنامە و نامەی وێنەیی ڕادەگیرێن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە