مژدە بۆ جیهان؛ پاکستان: لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ دەکرێت.
دوای گرژییەکی سەربازیی توند لە نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرۆکوەزیرانی پاکستان مژدەی کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنێکی مێژوویی لە ئارادایە.
ئەمڕۆ شەممە (13ـی حوزەیرانی 2026)، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایگەیاند، لایەنەکان لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕێککەوتنی ئاشتی نزیکبوونەتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا سەرجەم کارەکان کۆتاییان پێ بێت و ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕوونی کردەوە، وڵاتەکەی سەرجەم ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ ئەوەی دەستبەجێ دوای تەواوبوونی کارەکان، ڕێککەوتنی ئاشتی بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ بکرێت. هەروەها بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە، گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەست پێ بکەنەوە.
شەهباز شەریف سوپاسی هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد بۆ ئەو پابەندبوونەی لە کاتی دانوستانەکاندا نیشانیانداوە. هاوکات پێزانینی بۆ ئەو وڵاتانەی ناوچەکە دەربڕی کە پاڵپشتیی پرۆسەکەیان کردووە و گەشبینیی خۆیشی نیشاندا کە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە بناغەیەکی بەهێز بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
