میدیای ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد زانیاریی نوێ لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکەی نێوان تاران و واشنتۆن دەسفکەوتووە و پرۆسەکە تەنیا بابەتە ئهتۆمیی و ئابوورییەکان دەگرێتەوە بەبێ بەرنامەی مووشەکی.
ئاژانسی هەواڵی میهر به پشت بهستن بە سەرچاوەیەکی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە پابەندبوونی ئەمریکا بە لابردنی سزاکان، پاشەکشەکردنی هێزەکانی دەوروبەری ئێران، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی، کردنەوەی گەرووی هورمز و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران لەخۆدەگرێت.
لە زانیارییەکاندا باس لهوه كراوه پێویستە ئەمریکا پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی ئابووریی ئێران پێشکەش بکات و دانوستانەکانی کۆتایی نێوان هەردوو وڵات بەبێ پرسی مووشەکی و تەنیا لەسەر بابەتە ئهتۆمیی و ئابوورییەکان ئەنجام بدرێن.
ههر بەپێی ئەو دەقە دهوترێت ئاگربهستهكه لوبنانیش دەگرێتەوه و ئەمریکا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران ههڵدهگرێت، گەرووی هورمزی بەپێی ڕێکارەکانی تاران لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە. هەڵپەساردنی سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوت، بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان و دابینکردنی دەستڕاگەیشتنی تەواوی تاران بە داراییە سڕکراوەکانی لەخۆدەگرێت.
هاوكات بڕیاره بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ دانوستان بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر چالاکیە ئهتۆمییهكانی ئێران، ههڵگرتنی تەواوی سزاکانی ئەمریکا و دەرکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
لە ماوەی دوو مانگی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا، بڕی ٢٤ ملیار دۆلار لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن، لهوهیش ١٢ ملیاریان پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان دەبێت.
ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت ئێران بەڵێنی بەرهەمنەهێنانی چەکی ئهتۆمی دووپات بکاتەوە و، ڕێککەوتنی کۆتاییش تەنیا لەسەر چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو، لادانی سزاکان و بهرنامهی بنیاتنانەوەی ئابووریی ئێران دەبێت. بابەتەکانی وەک بەرنامەی مووشەکی ئێران و پشتیوانی كردنی هێزە وەکیلەکانی بە تەواوی لە کارنامەی دانوستانەکان هێنراونەتە دەرەوە.
هێشتا هیچ ڕاگەیاندراوێکی فەڕمی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە سەبارەت بەم ڕەشنووسە بڵاو نەکراوەتەوە.
