بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا: ئەگەر هەناردەی نەوتی ئێمە ڕابگیرێت، هیچ کەس ناتوانێت نەوت هەناردە بکات.
بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا، لە ڕاگەیێندراوێکی تونددا وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکای دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەر هەنگاوێکی سەربازیی واشنتن وەڵامێکی توندتری لێ دەکەوێتەوە.
لەبارەی پاراستنی ژێرخانی وزەی وڵاتەکەیان، بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا ڕایگەیاند: “لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی لەسەر ژێرخانی نەوتی ئێران هەیە، بە فەرمی ڕایدەگەیەنین کە هەناردەکردنی نەوت یان بۆ هەمووان دەبێت، یان بۆ کەس نابێت”. ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و ڕاگرتنی نەوتی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هۆشداری توند بە ئەمریکا دراوە: “هۆشداری بە ئەمریکا دەدەین کە ئەگەر هێرشی نوێ بکاتە سەر ئێران، وەڵامێکی بەهێزتر لە پێشووتر وەردەگرێت”.
بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئیدارەی ئەمریکا گرت و وتی: “واشنتن لە کاتێکدا باس لە دانوستان و ڕێککەوتن دەکات کە خەریکی هێرشکردنە سەر ئێمەیە”. بە بڕوای ئەوان، ئەو “لێدوانە دژبەیەکە” و سیاسەتە ناکۆکانەی ئەمریکا، ئاسایشی بازرگانیی نێودەوڵەتی، ئاسایشی نەتەوەیی و گەرووی هورمزی خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە.
