بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە؛ گەنمی دهۆک لە باشترین ئاستدایە و سبەی وەرگرتنی دەست پێدەکات
سبەی هەینی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای دهۆک دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە بە قۆناغ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ناحییەکانی فایدە، شێخان و ڕوڤیا، دەست بە وەرگرتنی بەرهەمی ئەمساڵ بکرێت. سەرەڕای دیاریکردنی ١١٦ هەزار تۆن وەک پشکی پارێزگاکە، بەرپرسانی ناوچەکە جەخت لە باشیی کوالێتیی گەنمی ئەمساڵ دەکەنەوە و داوای زیادکردنی پشکەکەیان لە حکوومەتی عێراق دەکەن.
نازم ئەترووشی، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بە قۆناغ بەڕێوەدەچێت؛ سبەی هەینی سایلۆی فایدە بەڕووی جووتیاراندا دەکرێتەوە. هەروەها ڕۆژی شەممە سایلۆکانی دیکەی سنوورەکە لە زاخۆ، شێخان و ڕوڤیا بەڕووی جووتیاراندا دەکرێنەوە و بەرهەمەکانیان لێ وەردەگیرێت.”
نازم ئەترووشی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ جووتیاران، هەر ناوچەیەک گەنمەکانیان ڕادەستی ئەو سایلۆیە دەکەن کە بۆیان دیاریی کراوە.
بۆ ئەمساڵ، بڕی ١١٦ هەزار تۆن گەنم وەک پشکی پارێزگای دهۆک دەستنیشانکراوە، کە ٨٤ هەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلان و ٣٢ هەزار تۆنەکەی دیکەشی لە دەرەوەی پلانە.
بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵەوە، کوالێتیی گەنمی جووتیاران لە ئاستێکی زۆر باشدایە. لە هەمان کاتدا لە وتار و لێدوانەکانیدا، بە پێویستی زانی حکوومەتی فیدراڵ پشکی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنم زیاد بکات.
