محەمەد حاجی مەحمود: تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمە

محەمەد حاجی مەحمود: ئەگەر حکوومەتی هەرێم خراپترینیش بێت، بۆ ئێمە باشترینە و دەبێت چاکی بکەین

 محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەڕێوەچوونی دووەمین کۆنگرەی پێشمەرگە دێرینەکان سەبارەت بە دۆخی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی قەوارەی هەرێم و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە.

 محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی هەڵسەنگاندنی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: “ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خراپترین حکومەتی دنیاش بێت، ئێمە بە باشترینی دەزانین، چونکە دەتوانین چاکی بکەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە”. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر وڵاتانی تر دیموکراتیش بن، ئەگەر حکومەتێکی کوردی نەبێت، سوود بۆ کورد نابێت و وتی: “دەبێت لە دوورەوە تەنیا سەیری دیموکراتیی وڵاتانی تر بکەین”.

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان جەختی لە کەمبوونی تەمەنی ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێم کردەوە و ڕایگەیاند: “تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمە، ڕەنگە ٣٥ ساڵ بۆ مرۆڤ تەمەنێکی کەم نەبێت، بەڵام بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و وڵاتێک تەمەنێکی زۆر نییە”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەمەد حاجی مەحمود ئاماژەی بە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان لە دۆخی ئەمنی و کۆمەڵایەتیدا کرد و بەراوردکارییەکی کرد و وتی: “ئەگەر بەراوردی ساڵانی پێشوو بکەین، جاران خەڵک بە چەکەوە دەچووە بازاڕ و زۆرەملێیان لە دووکاندار دەکرد، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و خەڵک بە مۆبایلەوە دەچن؛ ئەو سەردەمە بەسەرچوو”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە