کاسبکارێکی کورد و خەڵکی بانە کە باوکی دوو منداڵە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەکانی پاسەوانی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەرزی چۆمانی بانە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە، دەستدرێژیان لە موتەلیب خەیبەری کاسبکاری خەڵکی بانە کردووە و بەهۆی پێکران لە بەشی سەریەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە ڕێکخراوەکەی ڕایگەیاند: “موتەلیب خەیبەری لە کاتێکدا کراوەتە ئامانجی دەستڕێژی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کە هیچ جۆرە کاڵا و شت و مەەکێکی پێ نەبووە. تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەییووبیی بانە گواستراەتەوە” و تەرمەکەشی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاند، موتەلیب خەیبەری، خەڵکی گوندی ساڵەی سەر بە شاری بانەیە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە کە بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو و جێگیر لە کوردستان، ناچار بووە لە ناوچە سنوورییەکاندا کاسبی بکات.
