پێشمەرگە لەبەردەم تەڵەی یەکخستنی سوپادا

سەردەشت محەمەد – نووسەر

یەکێک لە ئاڵۆزترین و مەترسیدارترین دۆسیەکانی بەردەم حکومەتەکەی عەلی زەیدی، پرسی داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنیانە لەناو سوپای عێراقدا ئەگەرچی ئەمە وەک هەنگاوێک بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت نیشان دەدرێت، بەڵام خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ واقیعی سیاسی و ئایدۆلۆژیی ئەم گروپانە، ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەم پرۆسەیە لەبری چارەسەر، لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەتر و مەترسیدارتر بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

تێڕوانینێکی باو هەیە، بەتایبەت لای ئەمریکییەکان و ترەمپ، کە پێیان وایە تێکەڵکردنی ئەم گروپانە لەناو سوپادا دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنیان، بەڵام مەترسییە ڕاستەقینەکە لەوەدایە کە ئەم گروپانە بێ ئەوەی گۆڕانکاری لە فکر و باوەڕیاندا بکرێت، ڕاستەوخۆ دوای تێکەڵکردنیان دەبنە بەشێک لە دامەزراوەی فەرمی.

بە باوەڕی من سەرەتای مەترسییەکە لێرەوە دەستپێدەکات، چونکە لە ڕابردوودا ناسنامە، شوێنی کۆبوونەوە، بنکە و تەنانەت سەرکردەکانیان دیار بوون، ئەمەش دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەمریکا کە لە کاتی گرژییەکاندا کاتێک ئەم گروپانە هێرشی موشەکییان دەکردە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان وەڵامیان بداتەوە و سەرکردەکانیان بکاتە ئامانج، وەک لە ماوەکانی ڕابردوودا بینیمان، بەڵام کاتێک دەبنە بەشێک لە سوپا، هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەریان وەک هێرش بۆ سەر “سەروەریی عێراق” تەماشا دەکرێت، ئەمەش وادەکات ململانێی نێوان گروپە چەکدارەکان و هاوپەیمانان بگۆڕێت بۆ ململانێی “دەوڵەت بۆ دەوڵەت”، کە لەم حاڵەتەدا کۆی عێراقییەکان زیان دەکەن و گروپە چەکدارەکانیش بە ئاسانی دەربازیان دەبێت، واتە لەم کاتەدا وەک “هێزی سێبەر” لەناو سوپای عێراقدا دەمێننەوە و فەرمان لە سەرکردە سیاسی و ئایینییەکانی خۆیان وەردەگرن، نەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

یەکێکی دیکە لەو لایەنانەی کە وەک خاڵێکی لاوازی ئەم پرۆسەیە تەماشای دەکەم، ئەوەیە کە ئەم گروپانە بە جۆرێک گۆشکراون کە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان وەک “جیهاد” دەبینن، لەو چوارچێوەیەشدا زۆرجار هێرشەکانیان ڕووی لە هەرێمی کوردستان بووە، چونکە هەرێم وەک ماڵی دووەمی ئەمریکییەکان تەماشا دەکەن.

چەک بۆ ئەوان تەنها ئامرازێک نییە، بەڵکو بەشێکە لە بیروباوەڕ، بۆیە تێکەڵکردنیان بە سوپا، دەرفەتی زیاتریان بۆ دەڕەخسێنێت تا بە ئاسانی هێرش بکەن و خۆیان بشارنەوە بێ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا ببێت، پێداگریکردن لە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بێ گۆڕینی ئەو بیروباوەڕەی لەسەری گۆشکراون، مەترسییەکە دوو هێندە دەکات، چونکە لەمەودوا دەتوانن دامەزراوە فەرمییەکان بۆ بەرژەوەندییە دەرەکی و ئایدۆلۆژییەکانی خۆیان بەکاربهێنن، لە هەموو ئەمانە مەترسیدارتر ئەوەیە، ئەم هێزانە دوای تێکەڵکردنیان دەتوانن زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو هێزە هەرێمییانە بکەن کە لە پشتیانەوەن، هەروەها گومان و فشارێکی زۆر هەیە کە هێزی پێشمەرگەش بخزێندرێتە ناو ئەم چوارچێوەیە.

من لە ڕابردوودا پێشبینی ئەم مەترسییەم کردبوو، هۆکارەکانی مەترسییەکەش دەتوانم لەم چەند خاڵەدا کورت بکەمەوە:

١. بەپێی دەستووری عێراق، پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە و پارێزەری قەوارەی هەرێمە، هەر فشارێک بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ سوپای عێراق، ڕاستەوخۆ لێدانە لە قەوارەی هەرێم و هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسی و نەتەوەیی کورد، ئەمەش نەک تەنها خواستی بەشێک لە هێزە عێراقییەکانە، بەڵکو خواستی هێزە هەرێمییەکانیشە.

٢. لەم کاتەدا کە هەوڵێکی لەمجۆرە دەستی پێکردووە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێو ماڵی کورد (بەتایبەت نێوان هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە) تادێت تۆختر دەبێتەوە، ئەمە وادەکات گومانەکان ببنە ڕاستی، چونکە ناکۆکییەکان ڕێگرن لە یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی، ڕەنگە ئەم دۆخە دەرفەت بۆ نەیاران بڕەخسێنێت کە لەژێر ناوی “یاسا و یەکخستنی هێزەکان”، قەوارەی سەربازیی هەرێم هەڵوەشێننەوە.

ئەگەرچی نائومێدییەکی زۆر هەیە لە بەرامبەر هەوڵی هێزە کوردییەکان و تەنانەت بێباکییەکی سیاسی لای شەقامی کوردیش دروست بووە (بەهۆی کێشەی مووچە، گەندەڵی و نەبوونی دادپەروەری)، بەڵام نابێت ڕێگە بدرێت ئەم پرسە تێپەڕێت،  بۆ ئەوەی گومانەکان نەبنە ڕاستی، دەبێت حکومەتی هەرێم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێبگەیەنێت کە پێشمەرگە هێزێکی یاسایی و دەستوورییە و جیاوازە لەو گروپە چەکدارانەی عێراق کە بوونەتە مایەی نائارامی، نابێت بە هیچ شێوەیەک وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، لایەنە کوردییەکان دەبێت تێبگەن کە پاراستنی سەربەخۆیی هێزی پێشمەرگە تەنها بە یەکگرتوویی و ئاشتکردنەوەی شەقامی کوردی دەکرێت، ئەگەرنا لە هەر ڕێککەوتنێکی ناوچەییدا، قەوارەی هەرێم دەبێتە قوربانی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە