زیادکردنی منداڵانی خوار 12 ساڵ دەستی پێکردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراکی هەولێر: زیادکردنی منداڵانی خوار 12 ساڵ دەستی پێکردەوە

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆسەی زیادکردنی ناوی منداڵانی خوار تەمەنی 12 ساڵ بۆ سەر پسوولەی خۆراک لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە دەستی پێکردووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئاگادارییەکی فەرمیدا مەرج و ڕێنماییەکانی بۆ هاووڵاتیان دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە، پێویستە هاووڵاتیان بۆ پڕکردنەوەی مامەڵەکە ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە ئامادە بکەن:

  • کارتی نیشتمانیی منداڵەکە.

  • وێنەیەکی نوێی منداڵەکە.

  • کارتی نیشتمانیی دایک یان باوک.

  • لە ئەگەری نەبوونی دایک یان باوک، پێشکەشکردنی وێنەی “وەفاتنامە”ی یەکێک لە دایک یان باوکی منداڵەکە بە مەرجە.

سەبارەت بە ڕاییکردنی مامەڵەکان و شایستە داراییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هاووڵاتیان یەکێک لە کارتەکانی “ڤیزە کارتی بانکی جنووب” یان “کیو کارت (Q Card)” بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنن.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر هۆشداری داوەتە ئەو هاووڵاتیانەی کە لە کاتی تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیان لە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکەدا تووشی کێشە دەبن، دەتوانن سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن. ئاماژەی بەوەش کردووە کە تیمەکانیان ئامادەن بۆ هاوکاریکردن و ئاسانکاری لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە