ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیدا، هەروەها داوای لە بەغدا کرد پێداچونەوە بە بڕیاری وەرگرتنی 120ملیار دینارەکەدا بکات، چونکە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کێشەی سیستمی ئەسیکۆدا، داهاتی هەرێم 70% کەمیکردوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، ئەنجومەنی بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوەوە. لە کۆبونەوەکەدا چەند بڕیارێکی ستراتیژی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، کەرتی نەوت و دۆخی دارایی هەرێم دران.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، پێشنیازی دروستکردنی “دەستەیەکی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی” لە نێوان هەردو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم کرد. ئامانج لەم دەستەیە بە دامەزراوەییکردنی دانوستانەکان و دۆزینەوەی چارەسەری کۆتاییە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان، کە دواتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و ئاراستەی بەغدا دەکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دوپاتکردەوە. حکومەت شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد ڕێکارەکان خێرا بکەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بە بەرزترین ئاست لە ڕێگەی بۆرییەوە.
هەروەها فەرمانی بە کۆمپانیا نەوتییەکان دا کە لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردە بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەغدا گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی داوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، وەزیری دارایی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە داهاتەکانی پێنج مانگی یەکەمی 2026 خستەڕو، کە تێیدا هاتوە بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و جێبەجێنەکردنی سیستمی “ئەسیکۆدا”، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70% دابەزیوە.
دەشڵێـ، “بەهۆی دابەزینی داهاتەوە حکومەتی هەرێم داوای لە بەغدا کرد پێداچونەوە بە بڕیاری وەرگرتنی 120 ملیار دینارەکە وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ بکات، تاوەکو کاریگەری نەرێنی لەسەر مووچە دروست نەبێت”.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ ئەو لەیەکترتێگەیشتنەی مانگی (نیسان/4)ـی ڕابردو سەبارەت بە سیستمی (ئەسیکۆدا) پەسەند بکات. حکومەت پێیوایە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە داهاتی دەروازە سنورییەکان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی بوژانەوەی بازاڕ و چالاکبونی جوڵەی بازرگانی لە تەواوی عێراقدا.
