ڕووداوێکی نامۆ لە ئاکرێ؛ دزینی ئۆتۆمبێلێک بە گیانلەدەستدانی دزەکە کۆتایی هات
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، لە شاری ئاکرێ ڕووداوێکی دزینی ئۆتۆمبێل بە ڕووداوێکی هاتووچۆی کوشندە کۆتایی هات و بووە هۆی گیانلەدەستدانی تۆمەتبارەکە.
بەپێی زانیارییەکان، کەسێک دەچێتە پێشانگایەکی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و چاوی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری “سۆناتا”ی سپی دەکەوێت کە جامی کراوەیە و سویچەکەی لەناودایە. تۆمەتبارەکە دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە، سواری ئۆتۆمبێلەکە دەبێت و بە خێرایی لە پێشانگاکە هەڵدێت.
دوای ئەوەی کەسەکە بۆ ماوەیەک لەنێو شاری ئاکرێ دەسوڕێتەوە، هێزەکانی پۆلیس بەدوایدا دەکەون. لە کاتی هەڵاتن بەرەو دەرەوەی شار و لەسەر ڕێگای “سوسنا” نزیک گوندی “راویتە”، شۆفێرەکە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکە لەدەستدەدات و تووشی ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ دەبێت.
موقەدەم شڤان، ئەفسەر لە بنکەی هاتووچۆی ئاکرێ، ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکە بە خێراییەکی زۆر ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە، ئەمەش وایکردووە ئۆتۆمبێلەکە لانیکەم چوار تەقلە لێبدات”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ڕووداوەکە، تۆمەتبارەکە بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانەی گوڵان لە شاری ئاکرێ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
