ترەمپ: گفتوگۆکان درێژەیان کێشا، بڕیارێکی قورس دەدەم

ترەمپ: ئامادەی فەرمانی بۆردومانکردنی ئێرانم و تاران باجی درێژەکێشانی گفتوگۆکان دەدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە لە ئامادەباشیدایە بۆ دەرکردنی فەرمانی ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران، بە تۆمەتی ئەوەی تاران کاتێکی زۆری لە گفتوگۆکان بەفیڕۆ داوە کە دەکرا ببێتە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گەورە.

لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی “فۆکس نیوز”، ترەمپ ئاشکرای کرد کە نزیکە لە دەرکردنی فەرمانی هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ناو ئێران. سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە “تاران دەبێت باجی ئەو درێژەکێشانەی گفتوگۆکان بدات”.

ترەمپ بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئێران گرت و ڕایگەیاند: “تاران تەنیا قسە دەکات و کردەوەی نییە، سەردەمی ‘خۆسەپێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست’ بە تەواوی کۆتایی هاتووە”. سەبارەت بە دۆخی سەربازیی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای ئێران لە “فەوزایەکی گەورە و شڵەژاوییدایە” و بە وتەی ئەو، بەشێکی زۆری توانا سەربازییەکانی وڵاتەکە، بەتایبەت لە هێزی ئاسمانی و دەریاییدا، چیتر بوونیان نەماوە. هەروەها گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی وەک “سەرکەوتووترین گەمارۆ لە مێژووی جەنگە دەریاییەکاندا” وەسف کرد.

لە بەرامبەر ئەم گرژییە توندانەدا، ئاژانسی “ڕۆیتەرز” لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە (10ی حوزەیرانی 2026) تیمی دانوستانکاری قەتەری گەیشتوونەتە تاران. ئەم سەردانە دوای زنجیرەیەک ڕاوێژ دێت لەگەڵ واشنتن، بە ئامانجی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ململانێکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە