بەغدا زیاتر لە 41 ملیار دیناری پارەی جووتیاران دەنێرێت

بریکاری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەغدا بڕیاری دا زیاتر لە 41 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران ڕەوانە بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری خەرجکردنی شەشەمین قۆناغی پارەی گەنمی جووتیاران درا و بڕەکەی 41 ملیار و 450 ملیۆن دینارە.

ڕوونیشیکردەوە کە پشکی پارێزگای هەولێر 13 ملیار و 717 ملیۆن دینار دەبێت، بۆ پارێزگای سلێمانی 16 ملیار و 858 ملیۆن دینار و بۆ پارێزگای دهۆکیش 10 ملیار و 875 ملیۆن دینارە.

سەروەر هاواری ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی گشتیی مافی دارایی جووتیاران بۆ ئەمساڵ 301 ملیار و 507 ملیۆن دینار بووە، ئەگەر ئەم 41 ملیارەی قۆناغی شەشەم بگاتە دەستی جووتیاران، ئەوا کۆی ئەو پارەیەی تاوەکو ئێستا پێیان دراوە دەگاتە 159 ملیار و 752 ملیۆن دینار.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی ئەوەشی خستەڕوو، بە خەرجکردنی ئەم گوژمەیە، بڕی 141 ملیار و 755 ملیۆن دینار لە پارەی جووتیاران لای حکوومەتی عێراق دەمێنێتەوە و بڕیاریشە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە