لە کارێکی پزیشکی خێرا و سەرکەوتوودا، تیمە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی شاری فریاکەوتنی فێرکاری لە شاری سلێمانی توانییان لە ڕێگەی فریاگوزاری سەرەتایی و بوژانەوەی دڵی بەپەلەوە، ژیانی چارەخوازێکی تەمەن ٦٥ ساڵ لە مردن رزگار بکەن، دوای ئەوەی نەخۆشەکە توشی جەڵتەی دڵ ببوو بەو هۆیەوە تووشی تێکچونی کارەبایی و وەستانی دڵ ببوو.
تەندروستی سلێمانی بڵاویكردەوە، رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە نەخۆشەکە گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی شار، بەهۆی مەترسی حاڵەتەکەوە دەستبەجێ لەماوەی ١٥ خولەکدا تیمێکی پسپۆڕ لەژووری نەشتەرگەری بەشی بوژانەوەی دڵی نەخۆشخانەی شار ئامادەیی وەرگرتنی چارەخوازەکەیان هەبوو.
نەشتەرگەریی و رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکە لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی بەشی بوژانەوەی دڵ و قەستەرە بەسەرپەرشتی (د. سورکێو لگیف) پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە سەرپەرشتی تیمێکی پسپۆڕی کرد و دەستبەجێ ئەو شاخوێنبەرەی گیرابوو لەرێگەی قەستەرە و باڵۆنەوە بە سەرکەوتووانەترین شێوە و نوێترین تەکنیکی پزیشکی کرایەوە.
دوای نەشتەرگەری چارەخوازەکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە ژوری چاودێری وردی نەخۆشخانەکە ماوەیەوە و لە نزیکەوە پزیشکەکەی چاودێری دۆخەکەی کرد و لەدوای ئەو وادەیە لەژێر هەناسەی دەستکرد دەرهێندرا و بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکەش لە نەخۆشخانەی شار لەژێر چاودێریدابوو، لە ئێستادا نەخۆشەکە نەخۆشخانەی جێهیشتووە و باری تەندروستی بەتەواوەتی جێگیرە.



