بۆ تۆمارکردنی داوا لەسەر وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی یەکگرتوو سەردانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، کاوە شێخ عەلی و بوخاری جەمیل پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو، بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ محەمەد غەفور، سەرۆکی داواکاری گشتی و ماجید تاهیر، سەرۆکی دەستەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کۆبوونەوە.
فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاند، لەو سکاڵایەدا داوای ڕێکاری یاساییمان کرد بۆ کەیسێک کە وەزارەتی بازرگانی هەرێم تێیدا 118 ملیار و 207 ملیۆن و 463 هەزار دینار قەرزارە کە لە ساڵانی 2004-2021 لە هاووڵاتییانی وەرگرتووەبەڵام نەیگەڕاندوەتەوە و خەرجی کردووە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەم قەرزەی وەزارەتی بازرگانی لە یاسای بودجەی 2023ی عێراقدا جێگیر کراوە دەبێت بیگەڕێنێتەوە، هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ داننان بەوەی پارەکەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ بەغدا، ئێستا وەزارەتی بازرگانی هەرێم دەیەوێت بە بێدەنگی و بە نایاسایی جارێکیتر مانگانە لەهەر تاکێکی هاووڵاتیان لە منداڵێکی شیرەخۆرەوە تا سەرۆکی خانەوادەیەک بڕە پارەیەکی زیادە وەربگرێت بۆ ئەوەی قەرزەکەی بەشێوەی قیست بداتەوە بە وەزارەتی بازرگانی فیدراڵی.
فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاند کە ئەو دوو پەرلەمانتارەیان داوای بە دواداچوون و ڕێکاری یاساییان کردووە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو 118.207 ملیار دینارە چی بەسەر ھاتووە و جەختیشیانکردووەتەوە کە نابێت بۆ دانەوەی قەرزەکە هیچ بڕێک پارەیەکی زیادە لە هاوڵاتیان وەرنەگیرێت.
