ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دایک و کچێکی کورد کە خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لەلایەن بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە کوژران کە هەوڵی دابوو بە زۆر هاوسەرگیری لەگەڵ کچە 15 ساڵانەکەی ئەو ژنە کوردەدا بکات.
تۆڕی هەواڵی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، چیمەن حسەینزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان و دانیشتووی ئەفغانستان، لەگەڵ کچەکەی، سارا یووسفی، بە دەستی بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبان کوژراون، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسەی تاڵیبان دەیویست بە زۆر لەگەڵ سارای 15 ساڵان هاوسەرگیری بکات.
ڕێکخراوەکە بە پشتبەستن بە زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادارئەوەشی خستەڕوو کە “چیمەن حسەینزادە نزیکەی 20 ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ پیاوێکی ئەفغانستانی هاوسەرگیریی کرد و لە گوندی غەلدووریی شاری کووهستانات لە ویلایەتی سەرپۆل دەژیا. لەوێ بە ناوی بیبی چەمەنگوڵ دەیانناسی و وەکوو مامانێکی سوننەتی کاری دەکرد”.
بە وتەی سەرچاوەکە، کەسێک بە ناوی موفتی محەمەدوڵا، بەرپرسی ئیدارەی حەج و ئەوقافی تاڵیبان لە شاری کووهستاناتی ویلایەتی سەرپۆل داوای کردبوو لەگەڵ سارا یووسفی، کچە 15 ساڵەکەی چیمەن حسەینزادە، هاوسەرگیری بکات.
ڕوونیشیکردەوە کە بەرپرسەکەی تاڵیبان 21ی نیسانی ڕابردوو چووبووە بەردەم ماڵی ئەو بنەماڵەیە و ویستبووی بە زۆر سارا لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام دایکی ڕێگریی لێ کردبوو و نەیهێشتبوو.
ئەو بەرپرسەی تاڵیبان کاتێک ڕووبەڕووی ڕێگری و بەرهەڵستبوونەوەی دایکەکە لە بەرانبەر گواستنەوەی زۆرەملێی کچەکەیدا بووبوویەوە، دەسڕێژی لەو دایک و کچە کردبوو و هەردووکیانی کوشتبوو. بە گوێرەی زانیارییەکان، بکوژ دوای ڕووداوەکە لە لایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستبەسەر کراوە.
بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە دوای چەند هەفتەیەک و لە 31ی ئایاری ڕابردوودا لە ڕووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و ئەوانیش ڕۆژی 2ی ئەم مانگە لە گوندی “کارێزە سەردار” پرسەیان بۆ داناوە.

