بەڕێوبەرایەتی گشتیی ژمێریاری سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامی لێدوانێکی ؤەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە کە تێیدا داوای ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی بەم شێوەیەیە؛
لە وەڵامی لێدوانەکەی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (عەدنان فەیحان دلێمی)یدا، کە تێیدا داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت تا ئەو کاتەی پاکتاوی تەواوی ئەو بڕە پارانە دەکرێت کە ئاماژەی پێداوە و گوایە ڕادەست نەکراون ــ لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم هەمیشە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی هەر تێبینی یان پاکتاوکردنێکی دارایی پەیوەندیدار ــ ئێمە جەخت دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە کە لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ و یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (١٣) بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥)دا هاتوون. بۆ ڕای گشتیی، چەند ڕاستییەکی یاسایی و دارایی پەیوەندیدار بەم بابەتە بەمشێوەیەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە گواستنەوەی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، ئەوەش بەپێی حوکمەکانی ئەو یاسایانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە و بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی پێشوودا واژۆ کراوە، وەک لە خشتەی ژمارە (١)دا ڕوونکراوەتەوە. لە بەرامبەردا، تەنها بۆ ماوەی 10 مانگ لەو ساڵەدا بودجەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینکراوە و شایستەکانیان نێردراوە، لە کاتێکدا مووچەی مانگەکانی تشرینی دووەم (١١) و کانونی یەکەم (١٢) خەرج نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی لەو دوو مانگەدا مووچەی فەرمانبەرانی تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتی عێراق دابینکرابوو.
لە ساڵی ٢٠٢٦دا، بەپێی ئەو ڕێوشوێنە باوەی هەیە و بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا، پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ مانگەکانی (کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایار) گواستراوەتەوە، ئەوەش بەپێی ئەو زانیارییانەی لە خشتەی ژمارە (٢)دا هاتوون.
سەبارەت بە مانگەکانی ئازار (٣) و نیسان (٤)، داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بەهۆی دۆخی جەنگ لە ناوچەکەدا و ڕێکنەکەوتن لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، کە ئەمەش وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری دژ بە هەرێم بەکارهێنرا. سەرەڕای ئەوەش، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی پێشوودا گەیشتینە ڕێککەوتنێک کە ڕێژەی (٥٠٪)ی داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی بکرێت، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەکان لەو ماوەیەدا. لێرەشدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گفتوگۆکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێم گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام بەداخەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خەمساردی کراوە لە دەرکردنی بڕیاری پێویست لەمبارەیەوە.
دەبوو جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەوڵی بدابایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دەستووری بۆ پرسی “خەرجیی ڕاستەقینەی زۆردارانە” (الإنفاق الفعلي التعسفي)، چونکە بەهۆی جێبەجێکردنی ئەم بەندەوە شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی، لەوانەش شایستەی مووچە بە تەواوی دابین نەکراون، کە ئەم بەندە تەنها بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت نەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
داواکردنی بڕین یان ڕاگرتنی مووچەی توێژێک لە هاووڵاتیانی دەوڵەت بەبێ توێژەکانی دیکە جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە، بەتایبەت کاتێک لەلایەن کەسایەتییەکەوە بێت کە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەئەستۆدایە، کە دەبوو زیاتر پەرۆشی پاراستنی مافی تەواوی هاووڵاتیان و دەستەبەرکردنی یەکسانی بێت لەنێوانیاندا.
وەزارەتی دارایی و ئابووری / بەڕێوبەرایەتی گشتیی ژمێریاری
