ئەرمەنی کەرکووک

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەرمەنی کەرکووک پێکهاتەیەکی دیرۆکی و مێژینەی شارەکەن، ئەوان لە قۆناغی جیاجیادا هاتونەتە کەرکووک و بەشی زۆریان پاش ستەم و کوشت و بڕی ئەرمەن لەسەر دەستی تورکی عوسمانی لە ساڵی 1915 هاتونەتە کەرکووک و لەوێ نیشتەجێبوونە، ئەرمەنی کەرکووک پێکهاتەیەکی ئاشتیخواز و دوورە کێشە و گرفت بوونە و ناوەندی ئاینی و کڵێسای خۆیان هەبووە و تێکەڵی کۆمەڵایەتیانەی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک بوونە و هەمیشە بە ئاشتی و تەبایی ژیاون.

ئەو پێکهاتەیە لە کەرکووک هەر 30 ماڵێک مابوون، لەم رۆژانەدا سۆراغم کردن، ئەوانیش وەک تەواوی ئەوانەی پێشتر کۆچیان کردووە و ئەم وڵاتە و کەرکووکیان جێهێشتووە، زۆر وابەستە و دڵگیری ئێرە نین، کە ئەوەش بۆخۆی جێی نیگەرانییە و دەبوو حکومەتی عیراق و کەرکووکیش دۆخێکیان بڕەخساندایە، ئەوانی دیکە بگەڕێنەوە نەک ئەوەی ماویشە دڵی لە زێدی خۆی هەڵکەندرێت، پێشتر ئەم پێکهاتەیە کەسانی دیار و خاوەن سەرمایە و ئیشکەری باشیان هەبووە و رۆڵیان لە گەشەی ئابووری و تەلارسازی و کاری دیکەی شارەکە و عیراقدا گێڕاوە،  ئەرمەنییەکانیش وەک کلدۆئاشوور و سابیئەی مەندائی و ئێزدی و یارسان و کاکەیی،  بەردەوام لە بەردەم هەڕەشە و سڕینەوەدا بوونە و رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژیاندۆست و ئازادیخوازبوونە و گوڵچنی کۆمەڵایەتی کەرکووکیان رەنگاوڕەنگتر کردووە.

لە ماوەی رابردوودا کونسوڵی گشتی ئەرمینیامان بینی و لەسەر جینۆسایدی ئەرمەن و رووداوگەلی سەرەتای سەدەی رابردوو قسە و باسی زۆرمان کرد، هەروەها باسی ئەرمەنی کەرکووکیش کرا، دیار بوو ئەو بە بایەخەوە لە بوون و مانەوەی ئەوان لە کەرکووک قسەی کرد و هەروەها شارەزایی باشیشی لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان کورد و ئەرمەن هەبوو، هیوای ئێمە و ئەویش ئەوە بوو کە ئەو ماڵە ئەرمەنیانەی ماون لە ئاشتی و ئارامیدا بژین و دوور بن لەهەر کێشە و گرفتێک و حکومەت بایەخیان پێبدات و ژیان و ئارامییان بۆ دەستەبەر بکات.

گەلی ئەرمەن لە رابردوودا وەک گەلی کورد روووبەڕووی زەبر و زەنگ و سڕینەوە بوونەتەوە و ئەنفال و جینۆساید کراون، ئێستاش  ئەو بەشەی لە وڵاتی خۆیان لە ئەرمینیا دەژین، لەبەردەم هەڕەشە و چاوتێبڕینی ئەم و ئەودان و نزیکەی دوو هێندە و نیوی ئەوەی لەو وڵاتە دەژین لە دەرەوەی ئەو وڵاتە و بەتایبەت لە ئەمەریکا و ئەوروپا دەژین، چ ئەوان و چ تەواوی پێکهاتەکانی ئەم ناوچەیە کاتێک سەرفراز و ئازاد دەبن کە دیموکراسیەت و مافی ئازادانە و ژیان و وەک یەکی بۆ هەمووان دەستەبەربێت.

لەم گۆشەیەدا رەنگە بواری ئەوە نەبێت لەوە زیاتر بنووسرێت، بۆیە دەشێ لە کات و شوێنی تر بگەڕێینەوە سەری.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە