دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق نێزیکبوونەوەی ڕاگەیاندنی قۆناغی سێیەم و کۆتایی پڕۆژەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی گشتگیر لە ناوەندەکانی گومرگدا ڕاگەیاند، هاوکات ئاشکرای کرد کە لە پێنج مانگی ڕابردوودا داهاتێکی پێوانەیی کە لە تریلیۆنێک و 500 ملیار دینار تێپەڕی کردووە، تۆمار کراوە.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی سەر بە وەزارەی دارایی عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکان بە سێ قۆناغی سەرەکیدا تێپەڕ دەبێت؛ قۆناغی یەکەم تایبەت بە ژێرخان بە ڕێژەی 100% کۆتایی هاتووە، و قۆناغی دووەم کە تایبەت بوو بە بەستنەوەی سەرجەم ناوەندەکانی گومرگ بە ناوەندی سەرەکییەوە گەیشتووەتە 96%، لە کاتێکدا دەستەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕاگەیاندنی قۆناغی سێیەم و کۆتایی لە ژێر ناوی (پەنجەرەی یەکگرتوو) لە یەکی تەمموزی داهاتوودا، کە سەرجەم فەرمانگەکانی سەر سنوور لە چوارچێوەی یەک سەکۆی ئەلیکترۆنیدا کۆدەکاتەوە بە ئامانجی خێراکردنی مامەڵەکان و ڕێگریکردن لە ساختەکاری و گەندەڵی.
ئەوەشی خستەڕوو کە پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردن و کاراکردنی بەشەکانی نەهێشتنی قاچاخچێتی دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەرزکردنەوەی داهات بۆ ئاستێکی بێپێشینە.
بەڕێوەبەری دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە داهاتی پێنج مانگی ڕابردووی ئەمساڵ زیاتر لە 1.5 تریلیۆن دینار بووە، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە و بە ڕێژەی 80% زیاترە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.
جەختیشی کردەوە کە دەروازەکانی ناوچەی باشوور بەهۆی بەندەرەکانەوە، گەورەترین پشکیان لەم داهاتەدا هەیە.
