ئومێد خۆشناو: پڕۆسەی ئاشتی نەک تەنها بۆ توركيا بۆ هەرێمیش جێگای بایەخە

پارێزگاری هەولێر، سەردانی بارەگای سەرەکی «دەم پارتی» دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هەمیشە، فاکتەری ئەرێنی و پاڵپشت بووە بۆ هەر هەنگاوێک کە خزمەت بە ئاشتی، پێکەوەژیان و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ بکات.

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ شاری وان، ئەمڕۆ دوو شەممە 2026.6.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شاری وان کرد و لەلایەن گولشەن کورت و وەیسی دلکچی، هاوسەرۆکان و هەردوو پەرلەمانتار مەحمود دیندار و گولدەرەن وارلی و بەرپرسانی دیکەی ڕێکخستنەکانی ئەو پارتەوە پێشوازییان لێکرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی پارێزگای هەولێر، جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگییەکان کرایەوە، هاوکات پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و ئابووریی نێوان پارێزگای هەولێر و شاری وان خرایە بەرباس و هەردوولا دووپاتیان لەسەر گرنگیی گفتوگۆی بنیاتنەر و پێکەوەژیانی ئاشتیانە کردەوە. ئەمەش وەک تەنیا ڕێگەچارە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، پڕۆسەی ئاشتی، دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە لە تورکیا، نەک تەنها بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەڵکو بۆ سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و گەشەپێدانی ئابووری تەواوی ناوچەکە و بەتایبەت هەرێمی کوردستان جێگای بایەخە.

وتیشی، هەرێمی کوردستان هەمیشە، فاکتەری ئەرێنی و پاڵپشت بووە بۆ هەر هەنگاوێک کە خزمەت بە ئاشتی، پێکەوەژیان و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ بکات، چونکە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە بە یەکەوە بەستراوەتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە