د. شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای سەر بە حزبەکەی، جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیاری لێبڕینی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی هەرێم لەلایەن بەغداوە، نە دەستوورییە و نە یاسایی، بەڵکو بڕیارێک بووە بۆ کات و ساتی خۆی و ئێستا پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
د. شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بە ناوی داهاتی نانەوتییەوە لە هەرێم وەری دەگرێت، هیچ بنەمایەکی یاسایی نەگۆڕی نییە. ناوبراو ڕایگەیاند: “ئێستا عێراق چەندین ڕێگەی نوێی بۆ هەناردەکردنی نەوت و زیادکردنی داهات گرتووەتەبەر، بۆیە پێویستە بۆ ئەم دۆخی داهاتی ناوخۆیەی هەرێمیش ڕێگەیەکی گونجاوتر بدۆزرێتەوە.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە، کە بڕینی ئەو بڕە پارەیە لە مووچە، ئاستەنگی گەورە بۆ ژیانی فەرمانبەران دروست دەکات. وتیشی: “ئێمە پێشنیارمان کردووە کە حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەک لە مووچە نەبڕێت و مووچەی تەواوەتی بنێرێت، چونکە مووچە مافی فەرمانبەرە و حکومەتی هەرێمیش هیچ ڕێگەیەکی تری نییە بۆ دابینکردنی ئەو بڕەی بەغدا دەیبڕێت.”
سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە، د. شاخەوان عەبدوڵا ئاشکرای کرد کە ئەوان پێشنیاریان کردووە:
دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاوکار بێت لە دیاریکردنی وردی داهاتی ناوخۆی هەرێم.
داهاتی ناوخۆ هەرچەند بێت، نیوەی بدرێتە بەغدا و ئەمەش ببێتە بنەما بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.
لە کۆتاییدا، د. شاخەوان عەبدوڵا دڵنیایی دا کە بۆ ئەم مانگە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق، لە وادەی خۆیدا دابەش دەکرێت.
